مەسرور بارزانی: لایەنەکان کۆکن پرسی مووچە تێکەڵ بە بابەتەکانی دیکە نەکرێت
مەسرور بارزانی لە بەغداوە: وەڵامی ئەرێنیمان بۆ چارەی کێشەکان وەرگرتووە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: "لە کۆبوونەوەکانماندا وەڵامێکی زۆر ئەرێنیمان لەبارەی پرسی مووچە، شایستە داراییەکانی جووتیاران و سەرجەم پرسەهەڵپەسێردراوەکانی دیکە وەرگرتووە و، هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەکردنی خێرای کێشەکان."
شەممە، 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا.
لە سەرەتای گوتەکانیدا، خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە "پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرینمان لەگەڵ حزبی تەقەدووم پێکەوە هەیە."
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەیان و زنجیرە کۆبوونەوەکانیان رایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبووینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشانەی بوونیان هەیە چارەیەکی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە و هەنگاوی نوێ بنێین، بە مەبەستی بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر و خستنەڕووی پشتیوانیی تەواومان بۆ حکوومەتی فیدراڵی لە قۆناغی ئێستا."
لە مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازییەکاندا، مەسرور بارزانی بە واقیعبینییەوە روانگەی خۆی خستە روو و گوتی: "گەرچی لە زۆر کاتدا جیاوازی لە دید و بۆچوونی سیاسیدا دەبێت، بەڵام ئومێدەوارین بتوانین هەنگاوی نوێتر بنێین و ئامانجی سەرەکیشمان بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانە لە نێوان هەردوولا دا."
لە تەوەرێکی گرنگی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کە تایبەت بوو بە بژێویی ژیانی هاووڵاتییان، سەرۆکی حکوومەت بە روونی جەختی لەوە کردەوە، کە سەرجەم ئەو لایەنانەی ئەمڕۆ لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، کۆک و هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەی "بابەتی مووچە دەبێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ڕیشەیی چارە بکرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم پرسە لەگەڵ دۆسیە و بابەتەکانی دیکەدا تێکەڵ بکرێت."
هەروەها مەسرور بارزانی دڵنیایی دا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە گفتوگۆی گشتگیر لەسەر سەرجەم پرسەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دراوە. لەم رووەوە ئاشکرای کرد: "وەڵامێکی زۆر ئەرێنیمان لەبارەی پرسی مووچە، شایستە داراییەکانی جووتیاران و سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە وەرگرتووە و، هەموو لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەکردنی خێرای کێشەکان."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەت گەیشتە بەغدا و دوو رۆژ لە پایتەختی عێراق دەمێنێتەوە.