ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و محەممەد حەلبووسی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دەربارەی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە حەلبووسی پشتیوانیی خۆی بۆ مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا، لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکە، سەرۆکی حزبی تەقەدوم، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نیشان دا و پشتیوانیی خۆی و پارتەکەی بۆ مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حزبی تەقەدومی کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق کردەوە.
