لیندزی گراهام: باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێتە مۆتەکە بۆ ئیسرائیل
سیناتۆری دیاری ئەمریکی، هۆشدارییەکی توند دەدات سەبارەت بە هەر رێککەوتنێک کە ببێتە هۆی دەرکەوتنی ئێران وەک هێزێکی باڵادەست لە ناوچەکەدا.
شەممە 23ـی ئایاری 2026، لیندزی گراهام سیناتۆری دیاری ئەمریکی رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی ئێران لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە گەرووی هورمز لە تیرۆری ئەو وڵاتە ناپارێزرێت، یان بەهۆی توانای ئێران بۆ وێرانکردنی ژێرخانی نەوتی وڵاتانی کەنداو بێت، ئەوا ئێران وەک هێزێکی باڵادەست دەسەلمێنرێت کە تەنیا لەرێگەی دیپلۆماسییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
گراهام ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تێڕوانینە بۆ تواناکانی ئێران لە تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز و ژێرخانی نەوتی ناوچەکە، گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوسەنگیی هێزدا و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە مۆتەکەیەکی راستەقینە بۆ ئیسرائیل.
سیناتۆرە ئەمریکییەکە پرسیارێکی جدی وروژاند و گوتی: "ئەگەر ئەم تێڕوانینانە راست بن، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت کە بۆچی ئەم جەنگە لە سەرەتادا دەستی پێکرد؟" راشیگەیاند، ئەو گومانی هەیە لەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت ناتوانرێت رێگری لە ئێران بکرێت لە هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز، یان ناوچەکە ناتوانێت خۆی لە بەرانبەر توانای سەربازیی ئێران بپارێزێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لیندزی گراهام جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بەوپەڕی وریایی و دروستییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر مەترسییەکی گەورە لە داهاتوودا بگیریێت.
ئەم لێدوانەی لینزی گراهام سیناتۆری دیاری کۆمارییەکانی ئەمریکا دوای ئەوە هات، شەممە 23ـی ئایاری 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگاداری وردەکاریی دانوستانەکانە، پێی راگەیاندووە: "ئیدارەی ترەمپ و کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و ئێستا زۆر نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو جیاوازی و کەلێنانەی هێشتا لە نێوان هەردوولادا ماون، زیاتر پەیوەستن بە نووسینەوەی لێکتێگەیشتنەکە و شێوازی داڕشتنی هەندێک لە خاڵەکان، نەک ناوەڕۆک و بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە.
بەپێی راپۆرتەکەی واشنتن تایمز، تیمی باڵای دانوستانکاران کە پێکهاتوون لە محەمەدباقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، رەزامەندییان لەسەر رەشنووسەکە دەربڕیوە و ئێستا دەقەکە بۆ بڕیاری کۆتایی نێردراوە بۆ سەرکردایەتی هەردوو وڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دابوو کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "هێرشی زۆر توند" دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئاماژەکان بەرەو چارەسەری دیپلۆماسی دەچن.
سەرەڕای گەشبینییەکان، هێشتا وردەکاریی چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەندێک پرسی هەستیار روون نین، لەوانە:
1. بەرنامەی ئەتۆمی: ئەمریکا داوای رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکەن.
2. تەنگەی هورمز: ئێران داوای وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان دەکات، بەڵام ئەمریکا جەخت لە کردنەوەی تەنگەکە بە تەواوی و بەبێ باج دەکاتەوە.
3. گەمارۆکان: ئێران داوای لادانی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئازادکردنی بەشێکی زۆری پارە بلۆککراوەکانی دەکات.
لە واشنتن، نیشانەکانی رێککەوتن بەدی دەکرێن؛ جەی دی ڤانس بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە ئۆهایۆوە گەڕاوەتەوە بۆ واشنتن، و ترەمپیش بڕیارە پەیوەندی بە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بکات. لە تاران، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، رایگەیاند کە ڕەشنووسی کۆتایی لەژێر پێداچوونەوەدایە و لە هەفتەی رابردوودا دیدگاکان زۆر لە یەک نزیک بوونەتەوە.