لە هیندستان 16 کەس بە گەرما مردن

بەهۆی شەپۆلێکی توندی گەرماوە کە ناوچە جیاوازەکانی هیندستانی گرتووەتەوە، تا ئێستا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و پلەکانی گەرماش لە چەندین شار گەیشتوونەتە سەرووی 45 پلەی سیلیزی.

رۆژی یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، بەرپرسانی هیندستان  رایانگەیاند، لەم وەرزەی هاویندا تا ئێستا لانیکەم 16 کەس لە باشووری وڵات بەهۆی جەڵتەی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە شەپۆلێکی توندی گەرما رووی لە ناوچەیەکی فراوانی ئەو وڵاتە کردووە و هۆشداریی تەندروستی دراوە.

هەرچەندە هیندستان بە هاوینی سەختەوە ناسراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی ئەوەی شەپۆلەکانی گەرما درێژخایەنتر، دووبارەبووەوە و بەهێزتر بن. لە چەندین شاری ئەو وڵاتە کە ژمارەی دانیشتووانی 1.4 ملیار کەسە، پلەکانی گەرما لەم دواییانەدا لە سەرووی 45 پلەی سیلیزی ماونەتەوە.

حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە ویلایەتی تێلانگانای باشوور تۆمارکراون، لەو چوارچێوەیەشدا پۆنگولێتی سرینیڤاسا رێدی، وەزیری داهاتی ویلایەتەکە داوای "وریایی سەرتاسەری" بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی کردووە. نووسینگەی رێدی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: "توندیی گەرماکە گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە" و پێویستە بەرپرسانی تێلانگانا هۆشداریی پێشوەختە لەبارەی رێکارە خۆپارێزییەکان بڵاو بکەنەوە.

پسپۆڕانی تەندروستیی دەڵێن گەرمای زۆر دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و خەستبوونەوەی خوێن، کە لە حاڵەتە زۆر سەختەکاندا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە. حکوومەتی ناوخۆیی تێلانگانا رێنمایی داوەتە بەساڵاچووان، منداڵان و ژنانی دووگیان کە لە کاتی رۆژدا نەچنە دەرەوە مەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، فەرمانگەی کەشناسی هیندستان پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما لە چەندین ناوچەی وڵاتەکە لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بن. لە نیودێلهی پایتەخت و شارەکانی دەوروبەری، پلەی گەرما لەم هەفتەیەدا لە سەرووی 40 پلە ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەکارهێنانی کارەبا بگاتە ئاستێکی پێوانەیی.

هیندستان کە پڕدانیشتووترین وڵاتی جیهانە، سێیەم گەورەترین دەردەری گازە گەرمکەرەوەکانە و بۆ بەرهەمهێنانی وزە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە خەڵووز دەبەستێت. ئەو وڵاتە بەڵێنی داوە تا ساڵی 2070 بگاتە ئاستی "سفر دەردانی گازەکان". بەرزترین پلەی گەرما کە تا ئێستا بە فەرمی لە هیندستان تۆمارکرابێت 51 پلەی سیلیزی بووە، کە لە ساڵی 2016 لە ناوچەی فەلۆدی لە ویلایەتی راجستان تۆمارکراوە.