مەسرور بارزانی: قاسم ئەعرەجی رۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی کوردستان و عێراق هەبووە

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قاسم ئەعرەجی
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قاسم ئەعرەجی

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لە بەغدا، له‌گەڵ قاسم ئەلئەعرەجی، راوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، له‌ دیدارەکەدا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بە گرنگیی سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا کرد و گوتی، "شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین کە خەبات و قوربانییەکی زۆری داوە و رۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە".

وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکی حکوومەت سوپاسی رۆڵی گرنگیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پشتیوانییەکەی لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان کرد" .

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پشتیوانیکردنی حکوومەتی نوێی فیدراڵ بۆ خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان .