پەرلەمانتارێکی عەزم: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا هاوکێشەکان دەگۆڕێت
سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی عێراق، کاردانەوەی ئەرێنیی لێ کەتووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی ئایاری 2026، ئەیاد جبووری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی "عەزم" بە کوردستان 24ی رایگەیاند، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ موسەننا سامەرایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم زۆر ئەرێنی بوو.
بە گوتەی خۆی، "دوای ئەم سەردانە گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکان روو دەدات لەبەر ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی هاوپەیمانیی نوێ و رێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی کراوە".
ئەیاد جبووری ئەوەشی خستە روو، هاوپەیمانیی عەزم پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە و سوننەکان بە گشتی مەسعوود بارزانی بە برا گەورە دەزانن.
باسی لەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی تەواوکردنی کابینەی حكوومەت کرا و دووپات لەوە کرایەوە دوای جەژن دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە بەربژێرەکانی پۆستە وەزارییەکان بەڕێوە بچێت".
هاوکات سەلاح کوبەیسی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی سیادە بە کوردستان 24ی رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە زۆر ئەرێنی بوو. ئەمەش دەرئەنجامی باشی دەبێت لەبەر ئەوەی مەسرور بارزانی داوای مافەکانی خەڵکی کوردستانی کردووە وەک مووچە و بودجە و یاسای نەوت و گاز. ئەمەش داوایەکی رەوایە و پێویستە حكوومەتی عێراق مافەکانیان بدات، هەروەها پەیوەندییەکەی هاوپەیمانیی سیادە لەگەڵ پارتی ستراتیژییە".
سەلاح کوبەیسی ئاماژەی بەوە کرد، پارتی دەبێت هاوبەشی سەرەکی بێت لە عێراق و ناکرێت بەرکەوتەکانی وەرنەگرێت.
لە لایەکی دیکەوە حوسێن حەبیب، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە کوردستان 24ی رایگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی لەم کاتەدا بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی ئێستا کاتی تەواوکردنی کابینەی حكوومەتە.
ماوەی دوو رۆژە مەسرور بارزانی لە بەغدایە و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرکردە سیاسییەکان کردووە و ئەمڕۆش چەندین دیداری دیکەی دەبێت.