ئەکسیۆس: ئەمریکییەکان بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ

پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات، ئەمریکا و بەریتانیا پلان بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی باڵا لە لەندەن دادەنێن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاراستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، کە ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کۆتایهێنان بە جەنگەکەی لەگەڵ ئێراندا.

هەینی 24ـی تەممووزی 2026، دوو دیپلۆماتکاری ئەوروپی و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار پێگەی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەمریکا و بەریتانیا کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵان لە لەندەن ئەنجام بدەن، بۆ پێک هێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی بەرگری و سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە بەشدار بن، لە نێویشیاندا پیت هێگسێت، وەزیری بجەنگی ئەمریکا و دانیال کەین، سوپاسالاری ئەو وڵاتە؛ کردنەوەی گەرووەی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیی بازرگانیدا کەرەستەیەکی سەرەکییە بۆ ستراتیژیی کشانەوەی ئەمریکا لە جەنگی ئێران و جێگیرکردنی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەمریکا دەیەوێت هاوپەیمانەکانی هێز و کەرەستەی سەربازی وەک کەشتیی دژە مین، کەشتیی جەنگی و درۆن رەوانەی ناوچەکە بکەن بۆ هاوکاریکردنی واشنتن لەم دۆسییەدا، هاوکات و دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی لەم بارەیەوە گوتی: "ئەمریکییەکان بەدوای دەرچەیەکدا دەگەرێن بۆ کشانەوە لەم جەنگە و پێویستیان بە یارمەتی ئێمەیە."

ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا هیچ هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمار نەکراوە، ئەمەش پاش دوو هەفتە لە بۆردوومانی رۆژانەی بنکەکانی ئێران لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بە درێژایی کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە. بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە کە توانای سەربازیی ئێران لە دەوروبەری گەرووەکە بە تەواوی لەناوچووە، لە کاتێکدا هەندێکی تریان هۆشداری دەدەن کە هێشتا ئێران توانای هێرشکردنی ماوە.

ئەم گرژییانە دوای ئەوە پەرەیان سەند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بۆردوومانکردنی پرد و وێستگەکانی کارەبای تارانی کرد ئەگەر ئێران هێرش بکاتەوە سەر کەشتییەکان، ئێرانیش لە بەرامبەردا هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکای کرد لە کەنداودا.

لە هەمان کاتدا، شاندێکی عومانی رۆژی هەینی گەیشتنە تاران بە مەبەستی نوێکردنەوەی دانوستانەکان لە نێوان عومان، ئێران و قەتەر بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ کردنەوەی گەرووەکە.

هەر ئەمڕۆ سێ سەرچاوەی فەرمیی پاکستان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئیسلام ئاباد، لە چوارچێوەی هەوڵێکدا کە لە لایەن چینەوە پێشنیاز کراوە، خەریکی دۆزینەوەی رێگەیەکە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانە وەستاوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتایهێنان بە جەنگە کە نزیکەی پێنج مانگە بەردەوامە.