مەسرور بارزانی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ قەیس خەزعەلی باسی کێشەکانی هەولێر و بەغدامان کرد
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: ویستمان وایە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم زوو پێکبهێنرێت، بەڵام دەمێنێتەوە سەر رەغبەتی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردن دەنگیان هێناوە پابەندن بە رێزگرتن لە دەنگی خەڵک بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، مەسرور بارزانی بۆ ژمارەیەک میدیا قسەی کرد و رایگەیاند : لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ قەیس خەزعەلی باسی کێشەکانی هەولێر و بەغدامان کرد و هەروەها تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی، تەوەرێکی دیکە بوو.
سەرۆکوەزیران گوتیشی 'ئێمەش ویستمان وایە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم زوو پێکبهێنرێت، بەڵام دەمێنێتەوە سەر رەغبەتی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردن دەنگیان هێناوە پابەندن بە رێزگرتن لە دەنگی خەڵک بۆ پێکهێنانی حکوومەت".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک، دەربارەی ئەو چەکانەی سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات کە بە کوردی داوە.
مەسرور بارزانی گوتی"پێویستە ئەم پرسیارە لە حکوومەتی ئەمریکا بکرێت، چونکە ئەگەر ئەمریکا چەکی رادەست کردووە، خۆشی دەزانێت رادەستی کێی کردووە، من بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێم ئێمە ئاگادارنین، ئەو لایەنەی ئەمریکا چەکی رادەستکردووە با ئاشکرای بکات."