گوته‌بێژی پارتی: لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ له‌ به‌غدا بۆ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ساردیی تێکەوتبوو، پێویست بوو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، چونکە چەقبەستوویی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، بە کوردستان24ی راگەیاند: کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە بەغدا کاریگەریی باشی دەبێت لە کەمبوونەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چونکە پەیوەندییەکان ساردییان تێکەوتبوو، بەهۆیەوە هەندێک لێکدانەوەی هەڵە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام پەیوەندییەکان ئاسایی دەبنەوە و ئەو گرفتانەی بۆ حکوومەتی هەرێم دروست دەکران، چارەسەر دەکرێن.

دەربارەی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای چەند لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، مەحموود محەممەد گوتی: ئەم سەردانانە بۆ ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە کایەی سیاسیی هەرێمدا پێویست بوون، چونکە چەقبەستووییەک لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ بۆ نەمانی ئەو چەقبەستووییە، ئەم سەردان و کۆبوونەوانە پێویست بوون و دەبنە هۆی نەمانی کێشەکان.