رێبەری ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا داگیرساند

بەرپرسێکی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە ئاشکرای کرد، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، رەزامەندی لەسەر چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەربڕیوە.

یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسۆس"ی راگەیاندووە: "هێشتا هەندێک دۆسیە و داڕشتن هەن کە پێویستیان بە یەکلاکردنەوەیە لە نێوان هەردوولادا." ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک دەستەواژە بایەخێکی زۆریان بۆ ئەمریکا هەیە، لە کاتێکدا ئێران پێداگری لەسەر داڕشتنی دیکە دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، ناکۆکییەکانی ئێستا زیاتر لەسەر وردەکارییە کۆتاییەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنن و پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی وەرگرتنی رەزامەندییەکان چەند رۆژێک بخایەنێت.

لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی "فۆکس نیوز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئێران سازشی جددی و بێپێشینەی لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمدا کردووە، ئەو بەرپرسە گوتی: "پلانەکەمان مامەڵەکردن لەگەڵ تەواوی کۆگای ماددە پیتێنراوەکانی ئێران لەخۆ دەگرێت، هەروەها هەر جۆرە باجێکی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز رەت دەکەینەوە".

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی گفتوگۆکانەوە رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، بە تەواوی جیاوازە لە "رێککەوتنە خراپەکەی ئۆباما"، ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی راگەیاند، کە کردنەوەی گەرووی هورمزیش لەخۆ دەگرێت.

لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانی قووڵی خۆیان بەرانبەر بەو رێککەوتنە دەربڕیوە و پێیان وایە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکە بە تەواوی چارەسەر ناکات، لەمبارەیەوە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە درێژایی شەوی شەممە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، هاوکات لە بارەی چۆنیەتی رێککەوتن و وردەکارییەکان بە تایبەت بابەتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران قسەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کردووە.