نەعیم قاسم: چەکدانانی حزبوڵڵا بە واتای قڕکردن دێت و رەتی دەکەینەوە

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، چەکدانانی رێکخراوەکەیان بە واتای لەناوبردنی توانای بەرگریی لوبنان و زەمینەسازییە بۆ پڕۆسەی "قڕکردن"، جەختیشی کردەوە، ئەمە کارێکە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن، ئاماژەی بەوەش کرد پڕۆژەی ئیسرائیل ئامانجی داگیرکردنی لوبنانە بە شێوەیەکی پلەبەندی.

یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکدا بەبۆنەی جەژنی "بەرگری و رزگاری" داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد لەو بڕیارانە پاشەکشە بکات کە بەرانبەر بە بەرەی مقاوەمە داویەتی، تاوەکو بتوانێت وەک پاڵپشتێک لە ریزی گەلی وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە.

سەبارەت بە فشارە نێودەوڵەتییەکان، رایگەیاند: "سزاکانی ئەمدواییەی ئەمریکا ئامانجیان فشارخستنەسەر حکوومەتی لوبنانە بۆ پشتکردنە حزبوڵڵا، ئەمەش رەنگدانەوەی شکستی ئەوانە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان." هۆشداریشی دا کە ئەو سزایانە نابنە هۆی لاوازبوونیان و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا لە کارە شەڕانگێزەکانی بەردەوام بێت، ئەوا هیچ شتێکی لە لوبناندا بۆ نامێنێتەوە، چونکە وڵاتەکە بەسەر هەموواندا وێران دەکەین".

نەعیم قاسم رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک لە ناوەندەکانی دەسەڵات گرت و گوتی: "دەسەڵات پێمان دەڵێت هاوکارمان بن بۆ ئەوەی چەکتان بکەین، تاوەکو دواتر ئیسرائیل بێت و بمانکوژێت و گەلەکەمان دەربەدەر بکات." ناوبراو پرسیاری ئەوەی وروژاند کە ئایا دەسەڵاتی لوبنان چەندە پابەندی دەستوورە لە پاراستنی سەروەری و دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ وڵات؟

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا جەختی کردەوە: "تەواوی ئەم کوشتار و وێرانکارییانە ئامانجیان چۆکپێدادانی ئێمەیە، بەڵام ئێمە هەرگیز سەر دانانەوێنین و لە مەیدانەکەدا دەمێنینەوە". جەختیشی کردەوە کە بە سەربەرزی لەم جەنگە دەردەچن، ماڵەکان ئاوەدان دەکەنەوە و بەم زووانە رزگاری وڵات رادەگەیەنن.