مەسرور بارزانی: داکۆکیمان لەسەر هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: لە کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا، داکۆکیمان لە سەرجەم مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە. دەشڵێت: بە روونی داوامان کردووە کە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە هیچ ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و لە کاتی خۆیدا رەوانە بکرێت.
یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی زنجیرە دیدار و کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانیدا لە پایتەختی فیدراڵی، لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
کۆبوونەوە، کە بە ئامادەبوونی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوە چوو، تەرخان کرابوو بۆ هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە و قووڵ سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی عێراق و ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییانەی رووبەڕووی قۆناغی هەنووکەیی وڵات بوونەتەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، جەختکردنەوە بوو لە پێویستیی پاڵپشتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و چارەکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوەش لە چوارچێوەی ماددە دەستوورییەکان و رێزگرتن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەرئەنجامەکەی بۆ رای گشتی خستە روو و رایگەیاند: "سوپاس بۆ خوا کۆتاییمان بە سەردانەکە هێنا و دیدار و کۆبوونەوەی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی باڵا هەبوو. لەسەر کۆی پرسە چارەنووسسازەکان قسەی پێویستمان کردووە و داکۆکیمان لە سەرجەم مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە."
سەبارەت بە پرسی مووچە، کە بابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی و ئابوورییە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "بە روونی داوامان کردووە کە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم هاووڵاتییانی دیکەی عێراق، تێکەڵ بە هیچ ململانێیەکی سیاسی نەکرێت. وەڵامێکی ئەرێنیشمان لە بەرپرسانی بەغداوە پێگەیشتووە کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمدا دەکەن."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، کە لە میانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەممار حەکیم بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی عێراق، جەخت لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کراوەتەوە و هیوای خواست بەغدا بەردەوام بێت لەو پرۆسەیە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کرد و گوتی: "هیوادارین لە دوای جەژن، پێکهاتەی کابینەی وەزاریی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی تەواو بکرێت. بڕیاریشە پاش جەژن کۆبوونەوەی دیکە بکرێت بۆ راستکردنەوەی ئەو کەموکوڕییانەی پێشتر لە دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینەکەدا هەبوون."
لە بارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی، ئاشکرای کرد، "لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان قسەمان کردووە، لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەرێمی کوردستان هەموو پارێزگاکان ئەو دەرفەتەیان پێ بدرێت بتوانن داهاتی نەوتی و نانەوتی، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی خۆیان زیاد بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر رۆڵ ببینن لە دابینکردنی بەشی خۆیان بۆ حکوومەتی فیدراڵی".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان نیازی پاکی خۆی نیشان داوە و ئامادەیە نیوەی داهاتی ناوخۆیی خۆی، وەک مانگەکانی پێشوو، رادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکات، بەو مەرجەی ئەوانیش بەردەوام بن لە ناردنی مووچە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیامێکی روون کۆتایی بە لێدوانەکەی هێنا و گوتی:"ئێمە ویستوومانە سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگیرێت و هەموو لایەک پێداچوونەوە بە کێشەکاندا بکەن، بەڵام ئێستا تەواوی سەرنجی ئێمە لەسەر دەستنیشانکردنی شێوازی پەیوەندییەکی دروستە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵیدا؛ واتە سەرنجمان لەسەر داهاتووە، نەک رابردوو."