پارێزگاری بەسرە: سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا ناکۆکییەکان ناهێڵێت

پارێزگاری بەسرە رایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پرۆسەی سیاسییە لە عێراقدا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، بنەمایەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 22:00 کوردستان24، راگەیاند "سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا و رۆڵێکی سەرەکیی لە یەکتر نزیککردنەوەی لایەنەکاندا هەیە."

پارێزگاری بەسرە ئاماژەی بەوە دا، سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر نەهێشتنی ناکۆکییەکان و دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک خۆی دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، باسی ژمارەیەک پرسی گرنگ و ستراتیژیمان کرد."

ئەسعەد عیدانی جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بونیادنان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی "پێویستە لە شارەکانی دیکەی عێراق سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، دەبێت فیدراڵی خزمەت بە هەموو عێراقییەکان بکات، بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشەوە."

ناوبراو هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆی بونیادنانی متمانە و گەشەکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و دروستکردنی پردی پەیوەندیی بەهێزتر لە نێوان هەردوولادا.

سەبارەت بە لایەنی ئابووری، پارێزگاری بەسرە ئاماژەی بە پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" و "بەندەری فاو" کرد و رایگەیاند: "عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەبێتە رێڕەوێکی سەرەکی بۆ تورکیا، بە هەمان شێوەش ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، دەتوانرێت لە ڕێگەی بەندەری فاوی گەورەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت."

هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو پارێزگاکان فراوان بکرێن، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا.

ئەسعەد عیدانی باسی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان بەسرە و سەرکردایەتیی کورد کرد و گوتی "هەبوونی مەسرور بارزانی لە بەغدا پەیامێکی زۆر گرنگ و ئەرێنییە، لە مێژوودا بەسرە پێشوازی لە سەرکردەی کۆچکردوو مەلا مستەفا بارزانی کردووە، پەیوەندییەکی دێرین لە نێوان خەڵکی بەسرە و هەرێمی کوردستاندا هەیە و هەمیشە بە گەرمی پێشوازی لە یەکتر دەکەن."