سیستەمەی ئەسیکۆدا لە هیچ دەروازەیەکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە
حکوومەتی هەریمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە پرسی رێککەوتن لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا یەکلابکریتەوە و بریاریشە لە ئایندەیەکی نزیک ئەنجوومەنی ئابووری عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆبێتەوە و رەشنووسی ئەو رێککەوتنەی کە ئامادەکراوە بڕیاری لەسەر بدات.
سامی جەلال سەرۆکی تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سیستمی ئەسیکۆدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، نووسراومان بۆ حکوومەتی عێراقی کردووە و چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراقین بۆ ئەوەی بریار لەسەر رەشنووسی ریککەوتنەکە بدات.
لەبارەی دەنگۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان، سامی جەلال رایگەیاند، هێشتا رێککەوتن نەکراوە بۆیە هیچ دەروازەیەکی هەرێمی کوردستان ئەو سیستەمەی تێدا جێبەجێ نەکراوە، ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد لە هەرێمی کوردستان شەش دەروازی فەرمی هەیە و لەگەڵ واژووکردنی رێککەوتنەکە سیستەمەکە لە سەرجەم دەروازەکان جێبەجێ دەکرێت.
لەبارەی بریاریکی حکوومەتی عێراقیش بۆ هاوردەکردنی کاڵاکان بە سیستمی ئەسیکۆدا، گووتی، ئەم بریارە لەسەردەمی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق دراوە و بریارەکەش دوو کێشەی تێدایە، کێشەی یەکەم هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا نەکراوە و کێشەی دووەمی بڕیارەکەش ئەوەیە کە پێچەوانەی یاسایە چوونکە بە گوێرەی یاسای گومرگی عێراقی پێویستە پشکنینی بۆ بکرێت و جیاکاری بۆ بکرێت و نابێت پێش وەختە بازرگان رەسمی گومرگی و باج بدات بەڵام ئەوەی لە بریارەکە هاتووە پێچەوانەی یاسای گومرگی عێراقییە.
دوێنێ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی لە سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا کرد و گوتی "بابەتی ئەسیکۆدا یەکلایی بووەتەوە و نووسراوی فەرمیمان بۆ ئەنجوومەنی ئابووری عێراق ناردووە، تەنیا هەندێک رێکاری کارگێڕی و واژۆ ماون بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت."
هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی رووناکی و هاوکارییەکانی هەرێم لە کەرتی کارەبادا کرد و رایگەیاند "دەستپێشخەرییەکی گرنگمان بۆ هاوکاری و گواستنەوەی ئەزموونی هەرێم لە بواری کارەبا پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە جێگەی دڵخۆشی ئەوان بووە، هەرێمی کوردستان لەبواری کارەبا هەماهەنگی حکوومەتی عێراق دەبێت."