ماددەی هۆشبەر تەنگی بە ئەفغانستان هەڵچنیوە
بەرپرسانی تاڵیبان هۆشداریی لە بەرزی ژمارەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لەنێو کۆمەڵگەی ئەفغانستان دەدەن و بە گوێرەی ئامارەکان، دەیان هەزار ئاڵوودەبوو لە ناوەندەکانی چارەسەری راگیراون.
حەیاتوڵڵا روحانی، بەرپرسی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پۆلیسی پارێزگای هیراتی ئەفغانستان ئاشکرایکردووە، لە ماوەی کەمتر لە پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 40 هەزار ئاڵوودەبووی هۆشبەر لە سنووری پارێزگاکەی چارەسەری تەندروستیان بۆ کراوە و دوای ئاساییبوونەوەی دۆخ و گوزەرانیان، تێکەڵ بە کۆمەڵگە کراونەتەوە.
ئاماژەیداوە، ئێستاش دەیان هەزار ئاڵوودەبووی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەندە تەندروستییەکان لەلایەن تیمە تایبەتە تەندروستییەکانەوە چاودێری دەکرێن و چارەسەریان پێدەدرێت بۆ ئەوەی لە ئاڵوودەیی رزگار بکرێن.
بە گوتەی حەیاتوڵڵا روحانی، ئێستا نزیکەی چوار هەزار کەس لە پارێزگای هیرات، لە ناوەندی تەندروستی تایبەت بە ئاڵوودەبووان چارەسەریان پێدەدرێت.
باسی لەوەشکرد، لە دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، جیا لە قەدەخەی چاندن و بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەڵمەتێکی فراوانی لە سەرتاسەری ئەفغانستان بۆ چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دەسپێکرد.
گوتیشی: لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، رۆژانە لە ئاستی شارە گەورەکان و ناوچەکان خەڵکانی ئاڵوودە دەستگیر دەکرێن و راپێچی ناوەندەکانی چارەسەری دەکرێن، دوای چاکبوونەوەشیان بەڵێننامە لە خانەوادەکانیان وەردەگیرێت، هەرگیز رێگە نەدەن رۆڵەنیان بگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانەوەی ماددە هۆشبەرەکان.