ناتانیاهۆ: هێرشەکانمان بۆ سەر حزبوڵڵا چڕتر دەکەینەوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند وڵاتەکەی لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی و بەڵێنی دا کە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئەو گرووپە زیاتر چڕ بکەنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی بەرانبەر گەیاندووە.

دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا ئاشکرای کرد، تەنیا لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل توانیویانە زیاتر لە 600 چەکداری حزبوڵڵا لەناو ببەن. ناتانیاهۆ گوتی: "ئێمە واتە فشارەکان کەم ناکەینەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە داوام کردووە هێرشەکان توندتر و بەهێزتر بکرێن."

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە دا، حزبوڵڵا درۆن و سیستەمی پەیوەندیی "فایبەر ئۆپتیک" بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. ئەو رایگەیاند: "تیمێکی تایبەتمان هەیە کە بە چڕی کار لەسەر ئەم تەکنۆلۆژیایانە دەکەن و وەک چۆن کێشەکانی ترمان چارەسەر کرد، ئەمەش چارەسەر دەکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ستایشی خۆڕاگریی دانیشتووانی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیلی کرد و گوتی ئازایەتی ئەوان سەرچاوەی ئیلهامە بۆ حکوومەت و سوپا. جەختیشی کردەوە، پابەندن بە زیادکردنی قورسایی هێرشەکان و لێدانی گورزی وێرانکەر لە حزبوڵڵا تا ئەو کاتەی مەترسییەکانیان بە تەواوی دوور دەخەنەوە.