ئێران: بە تەکنەلۆژیای نوێی سەربازی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی سوپرایزی چاوەڕواننەکراوی بۆ دوژمنانی هەیە و بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری دەداتەوە.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، ئەبولفەزڵ شکارچی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، لە سەردەمی جەنگی سەپێنراوی یەکەم و بەرگریکردن لە خاکی وڵاتەکەی، هێزە چەکدارەکانی ئێران کاریان لەسەر پەرەپێدانی توانای جەنگیی خۆیان کردووە، بە جۆرێک لە بەرنامەی دروستکردنی مووشەک بە شێوازێکی نوێ و مۆدێرن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردمیانە کاری پێدەکرێت و لەو بوارەشدا تاران بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

 رایگەیاند، گرنگترین گۆڕانکاری لە نێو هێزە چەکدارەکانی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامی، گواستنەوە بوو لە رێبازی شەڕی کۆن بۆ باوەڕ یاخود جەنگی ناهاوسەنگ، کە بریتییە لە رووبەرووبوونەوەی چەکە قورس و گرانبەهاکانی دوژمن بە هۆکاری بەرگریی سادە و کەمخەرجی، بەڵام کاریگەرتر بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن. هەروەها گوتیشی، لە سەردەمانێکدا وڵاتان تەنانەت دەزووی نەشتەرگەری و تێلی دڕکاویشیان بە ئێران نەدەفرۆشت، بەڵام ئێستا وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بۆ تەواوی پێداویستییە بەرگرییە پێشکەوتووەکانی و لە هەندێک بواردا پێش رکابەرانیشی کەوتووە.

ئەبولفەزڵ شکارچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە هەڵەی لێکدانەوەی دوژمنان کرد و گوتی، ئەگەر ئەوان کەمێک ژیر بوونایە هەرگیز هێرشیان نەدەکردە سەر خاکی ئێران، روونیشیکردەوە، هێشتنەوەی نهێنییە سەربازییەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بۆ ئەوەیە لە کاتی رووبەرووبوونەوەدا توخمێکی لەناکاو و سوپرایز دژ بە دوژمنان بەکاربهێنرێت. گوتیشی، ئامادەیی جەماوەر لە گۆڕەپانەکاندا کۆڵەکەی سەرەکیی سەرکەوتن بووە بەسەر دوژمنی ئەمریکی - ئیسرائیلی.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەش، ئەو فەرماندە سەربازییە جەختیکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئێستا زۆر بەهێزترن لە سەردەمی رابردوو، مووشەک و درۆنەکانیان گەیشتوونەتە ئاستێکی پێشکەوتووتر، وڵاتەکەی خاوەنی سوپرایزی نوێیە و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی سەربازی وەڵامی هەر پەلامارێک دەداتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ئەبولفەزڵ شکارچی هۆشداری دا و گوتی، بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە ژێر دەستی ئێراندایە و هەر کەشتییەک هەوڵ بدات لە دەرەوەی ئەو رێڕەوەی تاران دیاری کردووە هاتوچۆ بکات، لە سەلامەتی و ئاسایش بێبەش دەبێت.