لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کورد هەیە
وەزیری دەرەوەی رووسیاوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، مۆسکۆ پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ کورد هەیە و هەمیشە لە کاتی قەیرانەکاندا هاوکاریی کوردی لە سووریا کردووە؛ لاڤرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق بڕیاری خۆیانە، هاوکات هۆشداریی توند دەداتە ئەوروپا لەسەر خۆئامادەکردن بۆ جەنگ و ئاشکرای دەکات کە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ پووتین نێردراوە تاوەکو بەشداری لە لووتکەی G20 لە مەیامی بکات.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی 81ەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و پاراستنی زمان و کولتووریان لە دەستووری نوێدا، رایگەیاند: ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ کورد هەیە لە سووریا، هەرکاتێک کورد رووبەڕووی قەیران بووبنەوە هاوکارییان کردوون. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، هەسەدە داوای هاوکاریی لێکردوون و ئەوانیش هاوکاربوون.
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق، بڕیاری خۆیانە. بەهیچ شێوەیەکیش زمانی کوردی لە سووریا قەدەغەنەکراوە. دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا هەر لایەنێک لە سووریا بیەوێت رووسیا رۆڵی هەبێت، ئامادەن گوێی بۆ بگرن.
لە تەوەرێکی دیکەدا، لاڤرۆڤ هۆشداریی دایە وڵاتانی ئەوروپا کە باس لە خۆئامادەکردن بۆ جەنگ لەگەڵ رووسیا تا ساڵی 2030 دەکەن، و گوتی ئەوەی ئەوروپا دەیکات دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی حەتمی بەهۆی ئەو سەرمایە گەورەیەی دەیخەنە بەرهەمهێنانی چەکەوە.
لاڤرۆڤ وەبیریهێنایەوە کە مۆسکۆ هیچ نیازێکی بۆ شەڕ لەگەڵ ئەوروپادا نییە، بەڵام گوتەیەکی ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیایی هێنایەوە و گوتی: "ئەگەر ئەوان دەستپێشخەری بکەن و هێرش بکەنە سەرمان، پاشەکشە ناکەین؛ وەک پووتین دەڵێت: ئەوە جەنگێکی تەواو جیاواز دەبێت و زۆر کورت دەبێت."
وەزیری دەرەوەی رووسیا پەردەی لەسەر بوونی کەناڵی دیپلۆماسیی ژێربەژێر هەڵدایەوە و ئاشکرای کرد: "ئێمە چەندین کەناڵی پەیوەندیی نهێنیمان لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ هەیە و راوبۆچوون لە نێوانماندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەورووپا ترسی لێنیشتووە لە دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ داببڕێت.
سەبارەت بە لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، کە گوتبووی "رێککەوتنەکانی ئانکرەیجمان لە گۆڕ نا"، لاڤرۆڤ بە توندی وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئەوە کاری ماکرۆن نییە بڕیار لەسەر چارەنووسی رێککەوتنەکانی ئانکرەیج بدات، بەڵکو بڕیارەکە لای خودی ئەمریکایە و ئێمە هێشتا ئامادەین بگەڕێینەوە سەر ئەو لێکتێگەیشتنە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، لاڤرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بانگهێشتنامەی فەرمیی بۆ ڤلادیمیر پووتین ناردووە تا لە لووتکەی داهاتووی G20 لە شاری مەیامی بەشدار بێت، و ئیدارەی کرێملن تاوتوێی ئەم بابەتە دەکات.
هاوکات لاڤرۆڤ رەخنەی لە واشنتن گرت بەهۆی ئەوەی رەتیکردووەتەوە بانگهێشتی سەرۆکی باشووری ئەفریقا بکات و لە جێگەی ئەو پۆڵەندای بانگهێشت کردووە، و ئەو هەنگاوەی بە "نایاسایی و بەزاندنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی لووتکە" لە قەڵەم دا، چونکە فراوانکردنی گرووپی بیست تەنیا بە کۆدەنگیی هەموو ئەندامەکان دەبێت.