ئەکسیۆس: لە 72 کاتژمێردا 60 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا، نزیکەی 60 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە. هاوکات دووپاتی کردەوە، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بە شێوازێکی "ئەرێنی و بونیاتنەر" بەردەوامییان هەیە.
شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 60 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کراوە.
ئەو ژمارە بەرپرسە ئاماژەیان بەوە کرد، دانوستانکارانی ئەمریکی لە میانی پەیوەندی و گفتوگۆ بەردەوامەکانیاندا بە فەرمی لایەنی ئێرانییان ئاگادار کردووەتەوە کە تاران بە هیچ جۆرێک کۆنتڕۆڵی ڕەهای گەرووی هورمزی بەدەستەوە نییە و، لە رووی یاسایی و نێودەوڵەتییشەوە مافی ئەوەی نییە هیچ جۆرە مەرجێک لەسەر رەوتی کەشتیوانی و هاتوچۆی دەریاوانی لەو گەرووەدا دابنێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، پێگە هەواڵییەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەڕێوەدەچن، هێشتا بەردەوامییان هەیە و لە رەوتێکی باشدان، هەروەها دۆخی ئەو دانوستانانەی بە "ئەرێنی و بنیاتنەر" وەسف کرد.