ئوستراڵیا 19 ژن و منداڵی خێزانی چەکدارانی داعش لە سووریاوە دەگەڕێنێتەوە
حکوومەتی ئوستراڵیا ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، رایگەیاند، گرووپێکی نوێ لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە پێکهاتوون لە 19 ژن و منداڵ و پەیوەندییان بە رێکخراوی "داعش"ەوە هەبووە، لە سووریاوە دەگەڕێنەوە و ئەوانەشی دەستیان لە تاواندا هەبووبێت رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیارە 7 ژن و 12منداڵی ئوسترالی بگەنە شارەکانی سیدنی و مێلبۆرن. ئەم هەنگاوەش کەمتر لە سێ هەفتە دوای گەڕانەوەی گرووپێکی دیکەی 13 کەسی دێت کە بە هەمان شێوە لە کەمپەکانی سووریاوە گەڕێنرابوونەوە.
سەبارەت بەو کەسانەی پێشتر گەڕاونەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئوستراڵیا ئاشکرایان کردووە، سێ ژن لەو گرووپەی پێشوو بە تۆمەتی کۆیلایەتی و تاوانی تیرۆریستی تۆمەتبار کراون و ئێستا لە زینداندان. بۆ ئەم گرووپە نوێیەش، حکوومەت جەختی کردووەتەوە، هەرکەسێک بەڵگەی لەسەر بێت، بە توندی سزای یاسایی دەدرێت.
تۆنی بێرک، وەزیری کاروباری ناوخۆی ئوستراڵیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هەر کەسێک لەم گەڕاوانە تاوانی ئەنجامدابێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بێت کە هێزی یاسا بە تەواوی بەسەریدا جێبەجێ بکرێت."
وەزیری ناوخۆ رەخنەی توندی لەو کەسانە گرت و گوتی: "حکوومەت هیچ هاوکارییەکی پێشکەش بەم گرووپە نەکردووە و نایکات. ئەمانە کەسانێکن کە بڕیارێکی ترسناکیان داوە بە چوونە ناو رێکخراوێکی تیرۆریستی و منداڵەکانیان خستووەتە ناو دۆخێکی مهترسیدار و وێنا نەکراوەوە."
حکوومەتی ئوستراڵیا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان لە ساڵی 2014ەوە ئامادەکارییان بۆ گەڕانەوەی ئەم کەسانە کردووە و پلانی تۆکمەیان بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی دۆسیەکانیان هەیە. ئامانجی سەرەکی حکوومەتیش پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگەی ئوستراڵییە.