عێراق بە شێنەیی نەوت هەناردەی هیندستان دەکاتەوە
داتاکانی بازرگانیی جیهانی ئاشکرایان کردووە، وڵاتی هیندستان، وەک سێیەم گەورەترین هاوردەکاری نەوت لەسەر ئاستی جیهان، گۆڕانکاریی ریشەیی لە سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەدا کردووە، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە دابینکردنی نەوتی خاو لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەهۆی گرژییە سەربازییەکان و داخستنی گەرووی هورمزەوە رووبەڕووی پەککەوتن بووەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پاڵاوگەکانی هیندستان ستراتیژیی خۆیان گۆڕیوە بەرەو زیادکردنی کڕینی نەوتی خاو لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستبووە.
داتاکانی کۆمپانیای "کیپلەر" بۆ شیکاریی داتاکانی وزە ئاماژە بەوە دەکات، هیندستان لە مانگی نیسانی رابردوودا، هاوردەکردنی نەوتی عێراقی بە تەواوی راگرت؛ ئەمەش بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە بوونە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەرچەندە لە مانگی ئایاردا پرۆسەی هاوردەکردنەکە بە شێوەیەکی سنووردار دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام قەبارەکەی تەنیا گەیشتووەتە نزیکەی 41 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بەراورد بە پێشوو رێژەکە زۆر کەمبووەتەوە.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، پاڵاوگەکانی هیندستان هاوردەکردنی نەوتیان لە چەندین وڵاتی دیکەوە زیاد کردووە، لەوانە، ڤەنزوێلا، بەرازیل، ئەنگۆلا و نایجیریا.
سەرەڕای ئەوەی دابینکردنی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان لە مانگی نیساندا دابەزینی بەخۆوە بینی، بەڵام مۆسکۆ هێشتا پێگەی خۆی وەک دابینکەری سەرەکی و یەکەمی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی هیندستان پاراستووە.
داتاکانی بازرگانیی وزە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان وڵاتانی هەناردەکاری کەنداو نیشان دەدەن، کە پەیوەستە بە شێوازی گواستنەوەی نەوتەکەیان لە کاتی قەیرانی گەرووی هورمزدا:
ئەو وڵاتانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز زیانمەند بوون بریتیین لە ئیمارات، عێراق، سعوودیە، کوەیت، قەتەر و بەحرەین.