هۆڵەندا بنکەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دروست دەکات
لە چەند مانگی داهاتوودا، یەکێتی ئەوروپا یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەستپێدەکات کە مافی مانەوەیان رەتکراوەتەوە، هۆڵەنداش لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە کار بۆ دروستکردنی بنکەی تایبەت لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتییەکە دەکات بۆ نیشتەجێکردنی ئەو کۆچبەرانە تا کاتی ناردنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.
حکوومەتی هۆڵەندا رەزامەندیی نیشاندا لەسەر پلانێکی نوێ بۆ دامەزراندنی "بنکەکانی گەڕانەوە" لە دەرەوەی خاکی یەکێتی ئەوروپا. ئەم بنکانە تایبەت دەبن بەو کۆچبەرانەی داواکاریی مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و دەبێت دیپۆرت بکرێنەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا هەنگاوی جیددی لەو بارەیەوە بنرێت.
بە گوێرەی راپۆرتێکی پۆلیتیکۆ، لاهای لەگەڵ چەند حکوومەتێکی دیکەی ئەوروپی خەریکی تاوتوێکردنی رێکارەکانە بۆ ئەوەی پڕۆسەی وردبینیکردن لە داواکارییەکانی پەنابەرێتی بەر لەوەی کۆچبەر بگاتە ئەوروپا، لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا ئەنجام بدرێت.
بارت ڤان دێن برینک، جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا و وەزیری کۆچ و پەنابەران رایگەیاند: "خەڵک لە سەرانسەری ئەوروپا داوای چارەسەری کردەیی دەکەن بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی کۆچ. ئەو چارەسەرانە ئێستا زیاتر شێوە وەردەگرن و دەرکەوتووە کە لە رووی یاساییەوە گونجاون."
ئامانج لە دامەزراندنی "بنکەکانی گەڕانەوە" ئەوەیە کە رێگری بکرێت لە مانەوەی درێژخایەنی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی مانەوەیان رەتکراوەتەوە لە ناو وڵاتانی ئەوروپادا. پێشبینی دەکرێت ئەم بنکانە جگە لە هۆڵەندا، لەلایەن وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، یۆنان، نەمسا و دانیمارکیشەوە بەکاربهێنرێن، کە هەموویان پشتیوانی لە توندکردنەوەی رێکارەکانی کۆچ دەکەن.
هۆڵەندا لەگەڵ دانیمارک، ماڵتا و سوید کار دەکات بۆ دۆزینەوەی بژاردەیەک تا داواکارییەکانی پەنابەرێتی لە دەرەوەی ئەوروپا لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت. ئیتالیاش لە کۆتایی ساڵی 2023 رێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ ئەلبانیا واژۆ کردووە، هەرچەندە ئەو ئەزموونەی رۆما رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی یاسایی بووەتەوە.
حکوومەتی هۆڵەندا پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە دوای لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی لەلایەن سەنتەری "کلینگندایل"، دەرکەوتووە هیچ ئاستەنگێکی یاسایی لەبەردەم دروستکردنی ئەم بنکانە و سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی داواکاریی پەنابەرێتی لە دەرەوەی وڵاتدا نییە.
هەرچەندە تا ئێستا شوێنی بنکەکان بە فەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام وتووێژەکان لەگەڵ چەند وڵاتێکی کاندید بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 6 بۆ 7 مانگی داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی لەو بارەیەوە رابگەیەنرێت.
تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، زیاتر لە 320,000 کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپا. رێگەی دەریای ناوەڕاست بەرەو ئیتالیا و رێگەی دوورگەکانی کەناری بەرەو ئیسپانیا، چالاکترین رێگاکان بوون کە کۆچبەرانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراست بەکاریان هێناون.