چوار وڵات دژایەتی خۆیان بۆ سەپاندنی رسومات بەسەر کەشتییەکانی هورمز راگەیاند

وێنە، گەرووی هورمز
وێنە، گەرووی هورمز

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هەر چوار وڵاتی ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن و ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانی و دەریاییەکانیان کردووە لە ناوچەکەدا.

ئەو چوار وڵاتە لە پێگەی خۆیانەوە وەک هێزە سەرەکییەکانی پاراستنی ئاسایشی دەریایی، جەختیان کردەوە، بە هەموو شێوەیەک هەر کار و رێکارێک ببێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەریایی رەت دەکەینەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا، هەر چوار وڵاتەکە دژایەتیی خۆیان بۆ سەپاندنی هەر جۆرە رسومات یان باجێکی دارایی سەرپێچیکارانە بۆ سەر ئەو کەشتیانەی کە بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تێدەپەڕن دووپاتکردەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەم بەشەی راگەیەندراوەکە ئاماژەیەکی روون و راستەوخۆیە بۆ تەشەنەکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە سەکۆ و رێڕەوەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین دەروازە ستراتیژییەکانی وزە لە جیهاندا. 

ئەم هەڵوێستە توند و هاوبەشەی وڵاتانی هاوپەیمان لە کاتێکدایە کە مشتومڕە نێودەوڵەتییەکان لەسەر رێکارەکانی ترانزێتی دەریایی و پێویستیی هەماهەنگی ئەمنی لە گەرووی هورمزدا گەیشتوونەتە لووتکە.

ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە، ئەو دانوستانانەی کە بە نێوەندگیریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر دوو دۆسیەی سەرەکی ئەوانیش پرسی ئەتۆمیی ئێران و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانیی دەریایی لە ناوچەکەدا.

لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەرووی هورمز لە لایەن تارانەوە بەرووی کەشتییە بازرگانییەکان داخرا، دواتر ئێران رایگەیاند، هەر کەشتییەک بیەوێت تێپەڕ بێت دەبێت رەزامەندی ئەوان وەربگرێت، ئاماژەی بەوەشدا، باج و رسومات بەسەر کەشتییەکان دەسەپێنێت.