مەسرور بارزانی: شۆڕشی گوڵان سەلماندی ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی 50 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کردەوە".

 

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 

لەساڵیادی په‌نجا ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ـی گوڵاندا، بە شکۆ و شانازییەکی زۆرەوە، یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەر و خەباتکارانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئەو کاتە، بە ورەیەکی بەرزەوە دەستیان بە خەبات و تێکۆشان و بەرگری لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان کردەوە.

شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کردەوە و سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان، لە هەموو پیلانێک بەهێزترە و سەرەنجام بە هۆی خۆڕاگری و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی گەلەکەمان، راپەرین و ئازادی وڵات و چەندین دەستکەوتی دیکەی نیشتمانییمان بەدەست هێنا.

لە یادی پەنجا ساڵ و یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان