سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە و پرسی کورد و دوایین پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی سووریا و پرسی کورد لەو وڵاتەدا ئاڵوگۆڕ کرا.
بەپێی راگەیەندراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا. هاوکات جەخت لەسەر زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە کرایەوە.
