دیمەن ئیبراهیم گۆرانییەکی شادی بۆ جەژنی قوربان بڵاوکردەوە

دیمەن ئیبراهیم، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "گوڵبژێر"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، دیمەن ئیبراهیم، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "ئەم بەرهەمە نوێیە دیار نەوزاد، بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری کارەکە بووە و میلۆدی و دەقەکەی لە فۆلکلۆری کوردییەوە وەرگیراوە، هەروەها هێمان رەسولیان کاری رێکخستنی موزیکی بۆ کردووە. ئارۆ فۆتۆگراف کاری ڤیدیۆگرافی و مۆنتاژی بەرهەمەکەی ئەنجامداوە، هەروەها هونەرمەندی باڵەبان، رەحیم، بە بەشدارییەکی دیار و کاریگەر رەنگێکی تایبەتی کوردایەتی بە گۆرانییەکە بەخشیوە."

دیمەن ئیبراهیم گوتیشی، "لە ناوەڕۆکی دەقی گۆرانییەکەدا، هەستێکی فۆلکلۆری و میراتی کوردی بەروونی دەبینرێت؛ هەستێک کە گوێگر دەباتەوە بۆ کەشوهەوای گوند، شادییە سادەکان، گۆرانی و هەڵپەڕکێی جەژن. دەقەکە باس لە خۆشەویستی، کۆبوونەوەی خێزان و دۆستان، و ئەو ساتانە دەکات کە خەڵک بە دڵێکی خۆش جەژن دەکەن."

 ئەو خانمە هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم گۆرانییە هەوڵێکە بۆ بڵاوکردنەوەی شادی و هیوا لە دڵی خەڵکدا، و نیشاندانی ئەوەی کە هونەر هەمیشە زمانێکی جوانە بۆ نزیککردنەوەی دڵەکان و دروستکردنی کەشێکی خۆشحاڵ و پڕ لە ژیان. بۆیە هیوادارم ئەو بەرهەمە نوێیەم بەدڵی هەموو لایەک بێت و چێژی لێوەرگرن."

دیمەن ئیبراهیم، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی  مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی سلێمانییە.