پزیشکیان و زەیدی جەخت لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەنەوە

سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا،  جەختیان لەسەر گرنگیی دیالۆگ و کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێ گەیشت.

 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "هەردوولا پیرۆزبایی جەژنی قوربانییان لە یەکدی کرد، بەو هیوایەی خودای گەورە خێر و بەرەکەت و سەقامگیری بەسەر هەردوو گەلی عێراق و ئێران و تەواوی ئوممەتی ئیسلامیدا ببارێنێت".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەلی دراوسێ بکات".

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کرد و جەختیان لە "پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردەوە لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و هێورکردنەوە، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا".