ئیسرائیل راگواستنی خۆبەخشانە لە غەززە جێبەجێ دەکات
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە کاتێکی گونجاو و بەشێوەیەکی رێکخراو لە کەرتی غەززە پلانی کۆچ و راگواستنی خۆبەخشانە جێبەجێ دەکەن.
کاتز ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئایاری 2026، لە کاتی راگەیاندنی هەواڵی کوشتنی سەرکردەیەکی نوێی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بە ناوی محەمەد عودە، پلانی راگواستنی خۆبەخشانەی دانیشتووانی کەرتی غەززە جێبەجێ دەکەن.
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێچەوانەی رێککەوتنی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە، کە تشرینی یەکەمی 2025 بە دەستپێشخەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا واژۆ کراوە؛ هەرچەندە خودی ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل چەندینجار لە چەند بۆنەیەکی جیاواز، ئەگەری راگواستنی دانیشتووانی غەزەیان باسکردووە، کە بەشی زۆری کەرتەکە بەهۆی شەڕێکی دوو ساڵە وێران بووە، بەڵام لێدوانەکانیان کەوتووەتە بەردەم شەپۆلێکی توندی ناڕەزایی ناوچەیی و جیهانی، ئەمەش وایکرد ترەمپ لە بیرۆکەی راگواستنی خەڵکی غەززە پاشگەز بێتەوە.
لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، شەڕێکی دوو ساڵەی خوێنانی بەرۆکی دانیشتووانی غەززەی گرت، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، نزیکەی 72 هەزار کەس کوژراون و زیاتر 170 هەزار کەسیش برینداربوون، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنین، ئەمە جیا لەوەی تا ئێستا ژمارەی دروستی بێسەرشوێنبووان نەزانراوە.
لە دوای ئەو ئاگربەستەی لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو راگەیەندراوە، ئیستا سوپای ئیسرائیل زیاتر لە نیوەی کەرتی غەززەی لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس تەنیا رووبەرێکی بەرتەسکی کەناراوەکانی لەبەردە ماوەتەوە.
سەرەڕای ئاگربەست، کەچی بە گوێرەی ئامارە تەندروستییەکانی کەرتی غەززە، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 900 فەڵەستینی دیکە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لەو ماوەیەدا 4 سەربازی کوژراون.