پزیشکیان و شەهباز شەریف پێشهاتەکانی رێککەوتنی ئاشتییان تاوتوێ کرد
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنی ئاشتیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. پزیشکیان سوپاسی قووڵی خۆی بۆ هەوڵەکانی پاکستان و وڵاتانی ناوچەکە دەربڕی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، شەهباز شەریف، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی 30 خولەکی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد. لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا هەردوو سەرکردە پیرۆزبایی جەژنی قوربانیان لە یەکدی و لە گەلانی هەردوو وڵات و ئومەی ئیسلامی کرد.
سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی تایبەتی ئاراستەی شەهباز شەریف و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان کرد، بۆ ئەو رۆڵە گرنگ و ماندوونەناسانەی کە لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکادا گێڕاویانە. پزیشکیان هەروەها ستاییشی هاوکارییەکانی سعوودیە، قەتەر و تورکیای کرد کە بەشێکن لە کاروانی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
لای خۆیەوە، شەهباز شەریف هاوسۆزی و سەرەخۆشی خۆی بۆ سەرکردایەتی و گەلی ئێران دەربڕی بەهۆی لەدەستدانی هاووڵاتییانیان لە قەیرانی ئەم دواییەدا. سەرۆکوەزیرانی پاکستان هیوای خواست کە رێککەوتنی ئاشتی بەمزووانە کۆتایی بێت و بە شێوەیەک بێت کە "شکۆ و کەرامەتی گەلی ئێران" بپارێزێت. جەختیشی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە دەبێتە کلیل بۆ کردنەوەی دەرگای توانا ئابوورییەکانی ئێران و سوود گەیاندن بە تەواوی ناوچەکە.
شەهباز شەریف دووپاتی کردەوە کە پاکستان وەک وڵاتێکی دراوسێ و برا هەمیشە لەگەڵ ئێران دەوەستێت و داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی هەردوو وڵات دەکات دوای گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە. لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوو سەرکردە رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان لە نێوان تاران و ئیسلام ئاباد.