کوشتارگەی هەولێر: لە یەکەم رۆژی جەژن 256 ئاژەڵ سەربڕدراون

بەڕێوەبەرایەتیی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، رایگەیاند: لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان 318 کیلۆگرام گۆشت رەتکراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: لە یەکەم رۆژی جەژندا کە کاتژمێر شەشی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە کوشتارگە کراوە بووە، 256 ئاژەڵ سەربڕدراون، لەو ژمارەیە 34 ئاژەڵی گەورە و 222 ئاژەڵی بچووک بوونە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، 318 کیلۆگرام گۆشت رەتکراوەتەوە و لە پشکنینی پزیشکی دەرنەچووە.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، تیمەکانیان لە هەموو رۆژانی جەژندا لە ئامادەباشیدان بۆ پشکنینی ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، ئەوەش لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، بەتایبەتی تای خوێنبەربوون.

لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە ساڵی 2024: 379 ئاژەڵ سەربڕدراون، هەروەها لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە ساڵی 2025: 328 ئاژەڵ سەربڕدراون.

کۆی ئاماری هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان لە ساڵی 2024، 873 ئاژەڵ سەربڕدراون کە (201 ئاژەڵی گەورە و 672 ئاژەڵی بچووک) سەربڕدراون. لەو ماوەیەدا بەهۆی پشکنینە پزیشکییەکانەوە، بڕی 1,649 کیلۆگرام رەتکراوەتەوە.

هەروەها لە ساڵی 2025، هەزار و 461 ئاژەڵ سەربڕدراون کە270 ئاژەڵی گەورە و هەزار و 191 ئاژەڵی بچووکسەربڕدراون. لەو ساڵەدا بڕی گۆشتی ڕەتکراوە گەیشتووەتە دوو هەزار و 279کیلۆگرام.

ساڵانە لە جەژنی قورباندا موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، بە رێژەیەکی بەرچاو ئاژەڵ سەردەبڕن و بەسەر ماڵە هەژار و دراوسێکاندا دابەشی دەکەن.