ترەمپ: تا ئێستا ئێمە بە پێشنیازی ئێران رازی نین

ترەمپ: لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران لە بەرانبەر رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو نابێت

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی دا، ئێران لە دۆخێکی خراپی ئابووریدایە و بە چڕی هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ واشنتن دەدات. ترەمپ هۆشداری دا یان دەبێت رێککەوتنێکی گونجاو بکرێت، یان ئەمریکا "کارەکە تەواو دەکات".تاران لە دۆخێکی خراپی ئابووریدایە و بە چڕی بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێت.

چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، لە کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکوومەتدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند سیستەمی ئابووری ئێران بە تەواوی تێکچووە و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە. گوتیشی: "ئەوان دەیانویست کات بکوژن و چاوەڕێ بکەن، بەڵام ئێستا تێگەیشتوون کە دۆخەکە گۆڕاوە."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەو پاراستنی جیهانە لە مەترسییەکانی ئێران و گوتی: "ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەمە تەنیا بۆ ئێمە نییە، بەڵکو بۆ هەموو جیهانە."

لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ سەرنجی خستە سەر دۆخی ڤەنزوێلا و رایگەیاند، ئەو وڵاتە ئێستا خاوەنی هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانی نییە و ئەو سەرکردایەتییەی کە وڵاتەکەیان بەرەو وێرانەی بردبوو، نەماون.

سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێران، ترەمپ گوتی: "ئەوان زۆر سوورن لەسەر ئەوەی رێککەوتن بکەن، بەڵام تا ئێستا ئێمە بەو پێشنیازانە رازی نین. یان دەگەینە ئەنجامێکی باش یان ناچار دەبین کارەکە تەواو بکەین." هەروەها دووپاتی کردەوە کە هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەناو چووە و چیتر بوونیان نییە.

لەسەر ئاستی سەربازیی وڵاتەکەی، ترەمپ ئاشکرای کرد کە بۆ ساڵی داهاتوو بڕی 1.3 ترلیۆن دۆلار بۆ سوپا تەرخان دەکات تاوەکو ببێتە "باشترین و بەهێزترین هێزی سەربازی لە مێژووی جیهاندا."

دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (PBS News) رایگەیاند، کە لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ ئاسانکارییەک لە لادانی گەمارۆکان بۆ ئێران ناکرێت تەنیا لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی باڵا.

کاتێک لەبارەی لادانی گەمارۆکان لە بەرامبەر یۆرانیۆمەوە پرسیاری لێکرا، ترەمپ بە توندی رەتی کردەوە و گوتی: "نەخێر، نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. لادانی گەمارۆکان لە ئارادا نییە، نەخێر." گوتیشی: "ئەوان دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە دەبن، بەڵام هیچ لادانێکی گەمارۆکان لە ئارادا نییە، بە هیچ شێوەیەک."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی دەبێت، بەڵام ئەم هەنگاوە نابێتە هۆی ئەوەی واشنتن وەک پاداشت گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە لابدات.