هەولێر.. فیلمی سینەمایی "گۆڕستان" نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "گۆڕستان"، کە لە نووسین و دەرهێنانی محەمەد گەردییە، لە سینەمای هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ نمایش دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2026، محەمەد گەردی دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "فیلمی "گۆڕستان" بەرهەمی سەنتەری رۆشنبیری شەقڵاوەیە، خۆم کاری نووسین و دەرهێنانم بۆ کردووە و ئەمین حەیدەری بەڕێوەبەری بەرهەمی فیلمەکە بووە. هەروەها ژمارەیەک ئەکتەری گەنج و هونەرمەندی ناسراو لە فیلمەکەدا بەشدارییان کردووە وەکو، دیار سدیق، جەلال هەیبەتی، رامان کەیفی، مازیچین عەزیز، بژار سەعدی، سەنگەر بلباس، برزۆ رەسام، نەریمان مەجید، ناز خەلیل، مەندانە محەمەد و زانا خۆشناو."

محەمەد گەردی گوتیشی، "فیلمی سینەمایی "گۆڕستان"، بەرهەمێکی ترسناک و دڵەڕاوکێییە کە چیرۆکی دوو گەنجی هاوڕێ دەگێڕێتەوە؛ ئەوانەی دوای تووشبوونیان بە کێشەیەکی نادیار، دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رووبەڕووی کۆمەڵێک نهێنی و راستیی شاردراو دەبنەوە. فیلمەکە بە کەشێکی تاریک و نهێنی، بینەر دەباتە ناو جیهانێکی پڕ لە ترس، گومان و دڵەڕاوکێ."

ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیڕۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "لەگەڵ بەرەوپێشچوونی رووداوەکان، ئەو دوو هاوڕێیە هەست دەکەن کە ئەوەی لێی دەگەڕێن تەنیا چارەسەری کێشەکەیان نییە، بەڵکو دەرگەی نهێنییەکی کۆن و ترسناکە کە پەیوەندی بە رابردووی ناوچەکە و گۆڕستانێکی جێهێڵدراوەوە هەیە. هەر هەنگاوێکیان زیاتر، ئەوان نزیکتر دەکاتەوە لە راستییەک کە هەموو شتێکیان دەگۆڕێت و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە."

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2026، فیلمی سینەمایی "گۆڕستان"، کە لە نووسین و دەرهێنانی محەمەد گەردییە، لە سینەمای هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ نمایش بکرێت و چەند رۆژێک بەردەوام بێت.