دهۆک.. پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار سەردانی بكەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، کەرتی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆک گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی جەژندا، زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن، روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئەم پارێزگایە بکەن.
جوانیی سروشتی دەڤەرەکە و فێنکیی ئاوی "سیلاڤ و ناوچەی ئاشاوا"، سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. ماهر قەیسی، هونەرمەندێکی خەڵکی بەغدایە و بۆ یەکەمجارە سەردانی دهۆک دەکات، ئەو دەڵێت: "دهۆک یەکێکە لە جوانترین شارەکان و بینینی ئەم سروشتە بۆ ئێمە جێی دڵخۆشییەکی زۆرە، بڕیارمانداوە چەند رۆژێک لێرە بمێنینەوە بۆ ئەوەی چێژ لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان وەربگرین."
هاوکات محەمەد جەفال، گەشتیارێکی دیکەیە و باس لە میواندۆستیی خەڵکی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: "ئاشاوا شوێنێکی فێنک و جیاوازە، رێز و پێشوازیی خەڵکی کوردستان و دهۆک وایکردووە کاتێکی تایبەت لێرە بەسەر ببەین."
خاوەن بنکە گەشتیارییەکان هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ پێشوازیکردن لە میوانان کردووە. مەتین ئاشاوی، خاوەن شوێنێکی گەشتیارییە، ئاماژە بەوە دەکات کە خزمەتگوزارییەکان بە باشترین شێوە پێشکەش بە گەشتیاران دەکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کەرتی گەشتیاری لە دهۆک هەنگاوی گەورەی ناوە؛ زیاتر لە 50 پڕۆژەی نوێی گەشتیاری جێبەجێ کراون. لە ئێستادا پارێزگاکە خاوەنی نزیکەی 700 بنکەی گەشتیاریی جۆراوجۆر و 230 ناوچەی سروشتیی گەشتیارییە، ئەمەش دهۆکی کردووەتە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە.