ئانۆ جەوهەر: پاتریارکی نوێی کلدانی مەسرور بارزانی بە "پیاوی کردار" وەسف دەکات
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، وەک نوێنەری سەرۆکوەزیران، پیرۆزبایی لە پاتریارکی نوێی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان کرد. پاتریارک لە دیدارەکەدا ستایشی رۆڵی مەسرور بارزانی کرد و رایگەیاند کە ئەو پیاوی کردارە نەک تەنیا گوتار.
رۆژی پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، ئانۆ جەوهەر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سەردانی جەنابی پاتریارکی نوێی کڵێسای کلدانی کاسۆلیکییان لە بەغدا کردووە، کە بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە پێشوازییان لێ کراوە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، پاتریارکی نوێ کە پێشتر لە وڵاتی ئوستراڵیا بووە و گەڕاوەتەوە، لەلایەن سینۆدۆسی پیرۆزی کڵێسای کلدانییەوە وەک سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان هەڵبژێردراوە.
ئانۆ جەوهەر گوتی: "ئێمە بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بە ناوی حکوومەتەوە، پیرۆزباییمان لە جەنابیان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونیان لە پلەی پاتریارکی."
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن باسی لەوەش کرد، پاتریارک زۆر بە دڵخۆشییەوە سڵاوی سەرۆکوەزیرانی قبوڵ کردووە و لە گوتەیەکدا سەبارەت بە مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: "مەسرور بارزانی پیاوی کردارە، نەک تەنیا پیاوی گوتار."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئانۆ جەوهەر ئاشکرای کرد کە پاتریارکی نوێی کلدانی بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی فەرمیی هەرێمی کوردستان بکات و بەسەر کڵێساکان و باوەڕداران و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بچێتەوە.