باندێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە بەغدا دەستگیر کران
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، دەستگیرکردنی باندێکی تاوانکاریی لە شاری بەغدا راگەیاند، لە 10 هاووڵاتیی بیانی پێکهاتبوون و بە ناوی دۆزینەوەی کارەوە هاووڵاتییانی بیانییان دەڕفاند و دوای ئەشکەنجەدانیان، داوای پارەیان لە کەسوکاریان دەکرد.
هەینی 4ی ئەیلوولی 2026، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، تۆڕێکی تاوانکاریی مەترسیدار کە لە 10 کەسی بیانی پێکهاتبوون و بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەغدا نیشتەجێ بوون، دەستگیر کراون.
دەزگای هەواڵگری ڕوونی کردەوە، ئەندامانی ئەم باندە بە بیانووی دابینکردنی هەلی کار، هاووڵاتییانی بیانییان پەلکێشی ناو خاکی عێراق کردووە و دواتر لە شوێنی تایبەتدا دەستبەسەریان کردوون، پاشان لە کاتی ئەشکەنجەدانی قوربانییەکاندا گرتەی ڤیدیۆیییان تۆمار کردووە و بۆ کەسوکاریان ناردووە تا لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا بڕە پارەیەکی زۆر وەک باج وەربگرن.