وەزیری تەندروستی: لە کوردستان هیچ حاڵەتێکی نوێی پەتای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دواین زانیاریی لەبارەی دۆخی تەندروستی، خزمەتگوزارییەکان لە رۆژانی پشوودا و مەترسییەکانی پەتای خوێنبەربوون بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرجەم دامودەزگا تەندروستییەکان، لەوانە نۆڕینگە دەرەکییەکان، فریاکەوتنەکان و نەخۆشخانە پسپۆڕییەکان (ئافرەتان، منداڵان، سەنتەرەکانی شێرپەنجە و بانکی خوێن) 24 کاتژمێری لە ئەرکدان. ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی 122 لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر حاڵەتێکی کتوپڕ.
لە کاتی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتانی هەولێر، سامان بەرزنجی ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی نەخۆشخانەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە شەو و رۆژێکی رابردوودا 37 منداڵ لەدایکبوون، 49 حاڵەتی داخڵبوون و زیاتر لە 180 سەردانیکەر هەبووە، ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانە تەنانەت لە کاتی جەژن و پشووەکانیشدا."
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون تای کۆنگۆ، وەزیری تەندروستی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوە لە ناوخۆی هەرێم تۆمار نەکراوە، جگە لە یەک حاڵەت کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە هاتبووە سلێمانی و دوای وەرگرتنی چارەسەر چاکبووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشداریی دا و گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەیە، پێشبینی دەکەین حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبێت، بۆیە تیمەکانمان گەڕان و چاودێرییان چڕکردووەتەوە."
دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە ناوماڵ و شوێنە نایاساییەکان.
پەنابردن بۆ سەربڕخانە فەرمییەکان کە لەژێر چاودێری ڤێتێرنەریدان.
پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی کەسی لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵدا.
ئاگاداربوون لەوەی ئەم نەخۆشییە رێژەی مردنی زۆرە ئەگەر زوو دەستنیشان نەکرێت.
سامان بەرزنجی سوپاسی پزیشکان، پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی کرد و بە سەربازی ون ناوی بردن، کە لە کاتی پشووەکاندا دوور لە ماڵ و منداڵیان، سەرقاڵی خزمەتکردنی هاووڵاتییانن و ئیشکگرییەکان بە رێکوپێکی بەڕێوە دەبەن.