وەزیری دەرەوەی پاکستان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران دەچێتە واشنتن

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند سبەی هەینی، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە واشنتن؛ ئەمەش وەک جووڵەیەکی دیپلۆماسیی هەستیار لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسلامئاباد بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سبەی هەینی، 29ـی ئایاری 2026، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا . ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردایە کە ئیسلام ئاباد وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی کار دەکات بۆ داڕشتنی رێککەوتنێکی ئاشتی کە بتوانێت ململانێ چەکدارییەکانی ناوچەکە کۆتایی پێ بهێنێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئیسحاق دار لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە؛ جگە لە پرسی جەنگی ئێران، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتن و ئیسلام ئاباد و چەندین پەرەسەندنی ناوچەیی و جیهانی دەکەن کە جێگەی بایەخی هەردوولان.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی پاکستان دوای زنجیرەیەک دیداری عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، لە تاران دێت.

چاودێران پێیان وایە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی لە واشنتن، هەوڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە وردانەی کە لە ناو رەشنووسی رێککەوتننامەی ئاشتیدا ماونەتەوە، تاوەکو زەمینە بۆ راگەیاندنی فەرمیی کۆتاییهێنان بە جەنگ خۆش بکرێت.

پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناوچەکە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ماوەی 60 رۆژ. ئەم یاداشتنامەیە ئامانج لێی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی کۆتایی لەسەر نەداوە.