پەروین بوڵدان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئیمرالی ئاشکرا دەکات
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی وردەکاریی نوێی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان جەختی لەسەر دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوە کردووەتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی ANF رایگەیاند، پەروی بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی وردەکاری کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێری خایاندووە و ئۆجەلان هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ فۆرمی ئەو یاسایە کردووە کە پێویستە ئامادە بکرێت. بوڵدان گوتی "ئۆجالان پێی وایە پێویستە یاسایەکی بنەڕەتی و دەستووری دەربچێت کە لە 7 بۆ 8 ماددە پێکبێت. ئەم یاسایە دەبێتە چەرخی جوڵێنەری دیموکراسی و تەنیا بۆ یەکجار جێبەجێ دەکرێت."
هەروەها ناوەڕۆکی یاساکە رێگە خۆش دەکات کە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ماوەیەکی دیاریکراودا سوود لەو یاسایە وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ تورکیا یان بچنە هەر شوێنێکی دیکە کە خۆیان دەیانەوێت.
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی تەندروستی ئۆجەلان زۆر باشە و متمانەی بە پرۆسەکە هەیە. گوتیشی "ئێمە هەوڵ دەدەین لە ماوەی مانگ و نیوێکدا، واتە پێش داخرانی پەرلەمان، رەشنووسی یاساکە ئامادە بکەین و بیخەینە بەردەم ئۆجالان، چونکە پرۆسەکە بەپەلەیە و نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت."
هەروەها جەختی کردەوە کە دوای دەرچوونی ئەم یاسایە، پاکێجەکانی دیموکراسی و چاکسازیی دیکە دێنە ئاراوە و تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە ئەم هەنگاوانە بە خێرایی بنرێن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی ببێتە خاوەن بنەمایەکی یاسایی و جێگیر.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا:
26ی تشرینی دووەمی 2024، دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئاشتی.
28ی کانوونی یەکەمی 2024، دیداری پەروین بوڵدان و سرى سوورەیا ئۆندەر، شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی.
پەیامی ئۆجەلان "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن."
1ی ئاداری 2025 راگەیاندنی ئاگربەست و رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5-7ی ئایاری 2025، بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە.
بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ی تەممووزی 2025، سووتاندنی چەک لەلایەن گرووپێکی 30 کەسی بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری شارۆچکەی دوکان – سلێمانی.