پەرلەمانی سوید بە کۆی دەنگ هاوسەرگیریی ئامۆزا و پورزاکانی قەدەغە کرد
پەرلەمانی سوید یاسایەکی توندی پەسەند کرد کە تێیدا هاوسەرگیری نێوان ئامۆزا، پورزا و خزمە نزیکەکان قەدەغە دەکرێت؛ بڕیارەکەش وەک هەنگاوێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەوسانەوەی خێزانی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ وەسف دەکرێت.
یاسا نوێیەکە کە لە 1ـی تەممووزی 2026وە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە کۆی دەنگی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان پەسەند کراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم یاسایە بنبڕکردنی ئەو نەریتانەیە کە ئازادیی تاک و مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی خێزانە پیاوسالارەکاندا پێشێل دەکەن.
خاڵە سەرەکییەکانی یاسا نوێیەکە:
قەدەغەکردنی رەها: هاوسەرگیری نێوان ئامۆزا، پورزا، هەروەها نێوان (مام و پور لەگەڵ برازا و خوشکەزا) بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت.
دانەنان بە هاوسەرگیریی دەرەوە: حکوومەتی سوێد چیتر دان بەو هاوسەرگیرییانەدا نانێت کە لە دەرەوەی وڵات لە نێوان خزمە نزیکەکاندا ئەنجام دەدرێن (ئەمەش بۆ رێگریکردن لەو حاڵەتانەی کە خێزانەکان منداڵەکانیان دەبەنەوە وڵاتی دایکیان بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملێ).
چاودێری ورد: دەسەڵاتەکان و فەرمانگەی کۆچ راسپێردراون چاودێرییەکی توندی ئەو داواکارییانە بکەن کە بۆ "یەکگرتنەوەی خێزان" پێشکەش دەکرێن و گومانی هاوسەرگیریی خزمایەتییان لێ دەکرێت.
حکوومەتی سوێد رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە هاوسەرگیریی خزمایەتی زۆرجار وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی سەرمایەی خێزانی و کۆنترۆڵکردنی رەفتاری گەنجان بەکاردێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ئازادییەکانی تاک.
سوێد بەم بڕیارە دەچێتە ڕیزی وڵاتانی وەک نەرویج، کە پێشتر هەنگاوی هاوشێوەیان ناوە بۆ پاراستنی گەنجان لە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و چەسپاندنی یاسا مەدەنییەکان بەسەر نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا.