میدیاکان: سێ ڕۆژە ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێکی بەرایی
تۆڕە میدیاییە جیهانییەکانی (CNN) و (NBC News) ئاشکرایان کردووە، کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لە دەوحە گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی بەرایی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئەتۆمی. هەرچەندە سێ رۆژە لەسەر مەرجەکان رێککەوتوون، بەڵام راگەیاندنی فەرمی راوەستاوە لەسەر رەزامەندیی کۆتایی دۆناڵد ترەمپ و موجتەبا خامنەیی.
پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، بەپێی هەواڵێکی کەناڵی (NBC News)، سێ رۆژ لەمەوبەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، تیمی دانوستانکاری هەردوو وڵات لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست گەیشتوونەتە ئەنجام. سەرچاوەکان دەڵێن لایەنی ئێرانی سەرکردایەتی وڵاتەکەیانیان لە وردەکارییەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لایەنی ئەمریکی هێشتا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی کۆتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، هەر بۆیە راگەیاندنی فەرمی دواکەوتووە.
کەناڵی (CNN) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم رەشنووسە چەند خاڵێکی ستراتیژی لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان بریتییە لە:
1. کردنەوەی گەرووی هورمز و ئاسانکاری بۆ جووڵەی کەشتیوانی.
2. دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ ماوەی 60 رۆژ.
3. تاوتوێکردنی چارەنووسی پاشکۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە، بەرپرسانی ئەمریکی هۆشداری دەدەن، رەنگە رێککەوتنەکە هەر ساتێک بێت هەڵبوەشێتەوە و شکستی پێ بهێنرێت. (CNN) سەرنجی دەخاتە سەر ئەوەی کە ترەمپ لە ناوخۆی وڵاتەکەی لەژێر فشاری توندی پارتەکەی و حکوومەتی ئیسرائیلدایە، کە بەردەوام هانی دەدەن فشارەکان لەسەر تاران کەم نەکاتەوە و هیچ جۆرە ئاسانکارییەکیان بۆ ئەنجام نەدات.
ئێستا، هەموو چاوەکان لەسەر واشنتن و تارانن تاوەکو بزانرێت ئایا سەرکردایەتی هەردوو وڵات واژۆی کۆتایی لەسەر ئەم لێکتێگەیشتنە 60 رۆژییە دەکەن یان ناوچەکە بەرەو خولێکی دیکەی پێکدادان دەڕوات.
هەروەها هەر ئەمڕۆ، بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناوچەکە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ماوەی 60 رۆژ. ئەم یاداشتنامەیە ئامانج لێی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی کۆتایی لەسەر نەداوە.