قالیباف پەیامێکی سێ خاڵی لەبارەی دانوستان بڵاو دەکاتەوە
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، لە پەیامێکی سێ خاڵیدا هەڵوێستی روونی کۆماری ئیسلامی لە بارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند.
قالیباف ئەمڕۆ هەینی 29ی ئایاری 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی سێ خاڵی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "ئێمە دەستکەوتەکانمان نەک لە رێگەی دانوستانەوە، بەڵکو لە رێگەی مووشەکەوە بەدەست دەهێنین. بەڵام لە دانوستاندا روونیان دەکەینەوە".
هەروەها لە خالی دووەمدا نووسیویەتی "متمانەمان بە بەڵێن و گەرەنتی نییە، تەنیا رەفتارەکان پێوەرن، بۆیە بەر لە هەنگاوی لایەنی بەرانبەر ئێمە هیچ هەنگاوێکی پێشوەختە نانێین".
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لە کۆتا خاڵی پەیامەکەیدا نووسیویەتی " براوەی هەر رێککەوتنێک ئەو کەسەیە ،کە باشتر خۆی بۆ شەڕ و داهاتوو ئامادە دەکات".
هەروەها چەند رۆژێک پێش ئێستا، بەپێی هەواڵێکی کەناڵی (NBC News)، لەمەوبەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، تیمی دانوستانکاری هەردوو وڵات لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست گەیشتوونەتە ئەنجام. سەرچاوەکان دەڵێن لایەنی ئێرانی سەرکردایەتی وڵاتەکەیانیان لە وردەکارییەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لایەنی ئەمریکی هێشتا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی کۆتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، هەر بۆیە راگەیاندنی فەرمی دواکەوتووە.
کەناڵی (CNN) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم رەشنووسە چەند خاڵێکی ستراتیژی لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان بریتییە لە:
1. کردنەوەی گەرووی هورمز و ئاسانکاری بۆ جووڵەی کەشتیوانی.
2. دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ ماوەی 60 رۆژ.
3. تاوتوێکردنی چارەنووسی پاشکۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە، بەرپرسانی ئەمریکی هۆشداری دەدەن، رەنگە رێککەوتنەکە هەر ساتێک بێت هەڵبوەشێتەوە و شکستی پێ بهێنرێت. (CNN) سەرنجی دەخاتە سەر ئەوەی کە ترەمپ لە ناوخۆی وڵاتەکەی لەژێر فشاری توندی پارتەکەی و حکوومەتی ئیسرائیلدایە، کە بەردەوام هانی دەدەن فشارەکان لەسەر تاران کەم نەکاتەوە و هیچ جۆرە ئاسانکارییەکیان بۆ ئەنجام نەدات.