نیویۆرک تایمز: کۆبوونەوەکەی نێو کۆشکی سپی لەسەر پرسی ئێران بێ ئەنجام بووە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کرد، کە کۆبوونەوە هەستیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لە ژووری کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی کۆشکی سپی، بەبێ دەرکردنی هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە.

هەینی، 29ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەوە، بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەکەی دۆناڵد ترەمپ، لە ژووری کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان (Situation Room) لە کۆشکی سپی، بەبێ گەیشتن بە هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی هاتووە.

ئەو بەرپرسە باڵایە ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە ماوەی دوو کاتژمێری خەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی بێ ئەنجام کۆتایی هاتووە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ پێی وایە زۆر نزیک بووەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران.

هەروەها بەرپرسەکە روونی کردەوە، کە هۆکاری سەرەکیی دواخستنی بڕیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک وردەکاریی ئاڵۆز، بە تایبەتی کە "پرسی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەی کە هێشتا پێویستی بە تاوتوێکردن و گفتوگۆی فراوانتر هەیە لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی ئەگەریدا."

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: ئێستا دەچمە ژووری کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان (Situation Room)ـی کۆشکی سپی، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەم لەسەر جەنگی ئێران.