15 سزادراو بەبۆنەی جەژنەوە گەڕاونەتەوە نێو کەسوکاریان
گوتەبێژی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت ژمارەیەک سزادراو بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە گەڕاونەتەوە نێو کەسوکاریان و ئاشکراشی دەکات، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانی گەورەیان نەکردبێت.
خالید محەممەد، گوتەبێژی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 29ـی ئایاری 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە سەرجەم چاکسازییەکانەوە ژمارەیەک سزادراو مۆڵەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان.
گوتەبێژی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: 15 سزادراو لەو چاکسازییانە گەڕانەتەوە ماڵەوە بەمشێوەیە:
9 سزادراو لە هەولێر
چوار سزادراو لە سلێمانی
دوو سزادراو لە دهۆک.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەو سزادراوانەی مۆڵەتیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان، تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە تاوانی گەورەیان نەکردبێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی گەورانی هەولێر کەسوکاری سزادراوان ئاگادار دەکاتەوە کە، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، تەنیا بۆ ئەم هەفتەیە خشتەی سەردانیکردن (مواجهە) گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
لەجیاتی رۆژانی (دووشەممە و پێنجشەممە)، سەردانیکردن لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بەپێی ئەم خشتەیەی خوارەوە دەبێت:
خشتەی سەردانیکردن:
یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026: تایبەتە بە سەردانیکردنی بەشی (C)ی سزادراوان.
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، تایبەتە بە سەردانیکردنی بەشی (A)ی سزادراوان.