تاران: لە پێشینەی کارەکانی ئەم قۆناغە کۆتاییهێنانە بە جەنگ نەک دانوستانی ئەتۆمی

وەزارەتی دەرەوەی ئێران گومانی خستە سەر راگەیەندراوەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناغی ئێستا تەنها تیشک دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە جەنگ.

هەینی 29ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە داهاتوودا پەیوەستە بەو دوو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێن کە بریتین لە عومان و ئێران، هەروەها کەشتییەکانی دوژمن رێگەیان پێنادرێت لە گەرووی هورمز تێپەڕن و کەشتییە بازرگانییەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانمان تێپەڕیون".

گوتیشی: "دەبێت بزانین هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی تا چەند جێگەی متمانەیە، ئایا راستییە یان تەنها لێدوانی میدیاییە، گوتیشی ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە، هاوکات گوتی، ئێمە بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمان کار دەکەین نەک بەو شێوەیەی ئەمریکییەکان دەڵێن دەبێت ئەنجامی بدەین".

بەقایی جەختی کردەوە: "لەم قۆناغەدا تیشک دەخەینە سەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و باس لە وردەکارییەکانی بابەتی ئەتۆمی ناکەین"، ئاماژەی بەوەش کرد پێویستە ئێران و عومان میکانیزمێک بگرنەبەر کە بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانییان بپارێزێت سەبارەت بە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.

روونیشیکردەوە: "لەم قۆناغەدا باس لە وردەکارییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و کەرەستە ئەتۆمییەکان ناکەین، هیچ کام لە لایەنە رۆژئاواییەکانیش مافی ئەوەیان نییە بە زمانی فەرمان قسەمان لەگەڵ بکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت، ئەوە بەو مانایەیە کە لە کردەوەیەکی نایاسایی وەستاوە، چونکە ئەوەی ئەمریکییەکان ناویان ناوە گەمارۆی دەریایی هەر لە سەرەتاوە رێکارێکی نایاسایی و پێشێلکردنی ئاگربەست بوو".

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆی گەرووی هورمز و هەڵوەشاندنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان بە تێکەڵەیەک لە راستی و درۆ دەبینێت و ئەو بابەتانە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا نەهاتوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هورمز هەڵدەگیرێت و جەختی کردبووەوە کە دەبێت دەستبەجێ بەڕووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا بکرێتەوە بەبێ وەرگرتنی هیچ کرێیەکی تێپەڕبوون.