پووتین: رووسیا هەڕەشە لە ئەوروپا ناکات

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی "هیچ کاتێک هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەوروپا نەکردووە و ئێستاش هەڕەشەیان لێ ناکات".

پووتین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کازاخستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو وڵاتانەی تۆمەت ئاراستەی رووسیا دەکەن، ئامانجیان تەنیا بەردەوامبوونی رووبەڕووبوونەوە و دۆزینەوەی پاساوە بۆ خەرجییە زۆرەکانی بودجەی وڵاتەکانیان لەسەر حسابی باجدەرانی ئەوروپا.

سەبارەت بە رووداوەکەی رۆمانیا، سەرۆکی رووسیا بەرپرسیارێتی وڵاتەکەی رەتکردەوە و گوتی: "هیچ کەسێک ناتوانێت سەرچاوەی فڕۆکەیەک دیاری بکات پێش ئەوەی پسپۆڕان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری زۆرە درۆنەکە ئۆکرانی بووبێت و لە رێڕەوی خۆی لای دابێت، وەک چۆن پێشتر رووداوی هاوشێوە لە فینلەندا، پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک روویانداوە و لە سەرەتادا رووسیا تۆمەتبار کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، وڵاتی رۆمانیا ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە، رووداوەکەی بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و نابەرپرسانە وەسف کرد. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی رۆمانیا، شەوی 28 لەسەر 29 ئایار، درۆنێکی رووسی لە کاتی هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئۆکرانیا، چوووەتە نێو ئاسمانی رۆمانیا و لە شاری گالاتی لەسەر سەربانی بینایەکی نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە.

ئەم رووداوە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و برینداربوونی مێردمنداڵێکی 14 ساڵان و ژنێکی تەمەن 53 ساڵ. لە ئەنجامدا، رۆمانیا داوای لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ کردووە پەلە بکەن لە گەیاندنی سیستەمی بەرگریی دژە درۆن بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی.