ئەمریکا: هەرکەس زانیارییمان لەسەر سوپای پاسداران پێبدات خەڵاتێکی گەورەی دەکەین

ئەمریکا راگەیاند، پاداشتێکی گەورەی بۆ ئەو کەسانە تەرخانکردووە کە زانیاریی لەبارەی تۆڕەکانی پارەدارکردنی سوپای پاسداران پێشکەش دەکەن.

بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە رایگەیاند، پاداشتێکی 15 ملیۆن دۆلاری پێشکەشی هەر کەسێک دەکات کە زانیارییەکانی ببێتە هۆی پەککەوتنی میکانیزمی داراییەکانی سوپای پاسداران و لقەکانی. 

لای خۆیەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، تۆڕەکانی سیستەمی بانکی هاوتەریب لە ئێران چەندین نووسینگەی ئاڵوگۆڕی هەیە سەرپەرشتی تۆڕێکی فراوانی کۆمپانیا بیانی و وەهمیەکان دەکەن.

راشیگەیاند، ئەمە رێگە بە بانکە سزادراوەکانی ئێران و کۆمپانیاکانی سەر بە ئێران دەدات کە ئاسانکاری بکەن بۆ وەرگرتنی پارە لە فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئێران وەک نەوت و پترۆکیمیایی و کاڵاکانی دیکە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری دا لە بوونی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ کە رۆڵێکی گرنگ لە بازاڕی دەرەوەی ئێراندا دەگێڕن، هەروەها ئاسانکاریی بۆ مامەڵەکانی دەرەوەی ئێران بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئەو ئێرانییانە دەکەن، کە کەوتۆنەتە ژێر سزاکانەوە.