هۆشداریی لە خۆرێکخستنەوەی داعش دەدرێت
نووسینگەی پشکنەری گشتیی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئایاری 2026، راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لەو زیندانییانە هەڵاتوون، هۆشداریشی داوە لە مەترسی سەرهەڵدانی نەوەی نوێی رێکخراوەکە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی نووسینگەی پشکنەری گشتیی ئەمریکا، قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە، بەتایبەتی لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، توانای شانەکانی بۆ رێکخستنەوە و فراوانکردنی ناوچەکە بەهێزتر کردووەتەوە.
راپۆرتەکە گەورەترین "هەڵهاتن و دیارنەمانی" بەکۆمەڵی خێزان و چەکدارانی داعشی ئاشکراکردووە، بەوپێیەی سەرەتای ساڵی 2026 گەورەترین داڕمانی سیستمی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەخۆیەوە بینی لەئەنجامی لەدەستدانی کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەسەر ئەو ناوچانەدا.
راپۆرتەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و کاربەدەستانی سووریا، هەڵاتنی بەکۆمەڵیان لە کەمپی هۆل پشتڕاست کردەوە، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە لەلایەن رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار کەس پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، هەڵاتوون و بێسەروشوێن بوون.
ژمارەی دانیشتوانی کەمپی هۆل لە نزیکەی 23 هەزار و 400 کەسەوە بۆ کەمتر لە هەزار و 500 کەس کەمبووەتەوە، بەو پێیەی بەشەکانی ئافرەتان و منداڵانی بیانی بە تەواوی بەتاڵکراون کە بە نهێنی و قاچاخ براونەتە دەرەوەی کەمپەکە.
هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی ناو کەمپەکە، هەڵهاتنی بەکۆمەڵ لە زیندانەکانی سەر بە هێزەکانی هەسەدە روویدا؛ سەرچاوەکان هەڵاتنی نزیکەی هەزار و 500 زیندانییان لە زیندانی شەدادی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان راگەیاند.
تۆڕەکانی قاچاخچێتی و شانەکانی داعش ئەو بۆشاییە ئەمنییەیان قۆستەوە کە بەهۆی کشانەوەی کورد و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی حکوومەت و میلیشیاکان روویدا.
هەروەها راپۆرتە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم دیارنەمانە بەکۆمەڵەی خێزان و چەکدارەکانی رێکخراوەکە مەترسییەکی ستراتیژیی جددی دروست دەکات، بەو پێیەی دەرفەتێکی زێڕین دەدات بە داعش بۆ ئەوەی ریزەکانی رێکبخاتەوە و شانە نووستووەکانی لە بیابانەکانی سووریا و لەسەر سنووری عێراق بونیات بنێت.