لە هەرێمی كوردستان وەرزی دروێنە دەست پێدەکات

ئەمساڵ دوای بارانبارینێکی باش و چاندنی رووبەرێکی بەرفراوان لە گەنم لەلایەن جووتیارانەوە، وەرزی دروێنە نزیک دەبێتەوە و جووتیارانیش جەخت لەسەر پاراستنی بەرهەمەکانیان دەکەنەوە تاوەکو هیچ رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە نەبێتە هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سەر ڕەنج و ماندووبوونیان.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی رایگەیاند؛ تیمەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، هاوكات هۆشدارییشی دا هەر کەسێک بە ئەنقەست ئاگر بکاتەوە یان پاشماوەی جگەرە لە نێزیک زەوییە کشتوکاڵییەکان فڕێبدرێت، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

زێرەڤان مەجید،  جووتیار بە کوردستان24ـی راگەیاند "چەند رۆژێکی کەم ماوە دەست بە کارەکانی دروێنە بکرێت، بەڵام پێویستە تا ئەو کاتە هەمووان هاوکار بن و هەر شتێک ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە گەنمەکە دوور بخرێتەوە. ئەم گەنمە هی هەموو خەڵکە، بۆیە پێویستە بپارێزرێت؛ لە ساڵانی رابردوودا سووتان و ئاگرکەوتنەوەی زۆر هەبوو.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت: پێویستە هەموو هاووڵاتییان لەگەڵ تیمەکانمان هاوکار بن، ئەگەر حاڵەتێک روویدا دەستبەجێ بکوژێنرێتەوە و رێنماییەکانمان جێبەجێ بکەن. بۆ جووتیاران و هاووڵاتییان رێنمایی نوێ دەرکراوە و لە ئێستاوە تا کۆتایی دروێنە رێکاری توند هەیە.

لە پارێزگای دهۆک وەرزی چاندنی ئەمساڵ فراوانبوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە دوای بارانبارینێکی زۆر، کە گەنم و جۆ لە زیاتر لە 910 هەزار دۆنم زەویدا چێنراون، هەروەها  چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێنرێت.