شوکریە عەباس: سیمای تەلارسازیی هەولێر یەکدەخرێت و هەر گەڕەکێک رەنگێکی تایبەتی دەبێت

شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر
شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر

بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر وردەکاریی ماستەرپلانی نوێی هەولێری پایتەخت تاوەکو ساڵی 2050 ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی شەقامی 200 مەتری، هێڵی شەمەندەفەر و پارکێکی گەورە لە شارەکە جێگیر کراون.

شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، ماستەرپلانی نوێی هەولێر بە هاوکاریی تیمی "جایکا"ی ژاپۆنی بۆ ساڵی 2050 هەموار کراوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای زانستی کراون و هەموو بەکارهێنانەکانی زەوی رێکخراونەتەوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی، دوو شەقامی بازنەیی نوێ بۆ پایتەخت زیاد کراون کە بریتین لە شەقامەکانی 150 مەتری و 200 مەتری، کە تێیدا رێڕەوی تایبەت بە پاسکیل، پیادەڕۆ و تەنانەت رێڕەوی ئەسپیش بۆ پاراستنی رەسەنایەتی گوندەکان دیاریکراوە.

شوکریە عەباس باسی لەوەش کرد کە بۆ یەکەمجار هێڵێکی گشتیی شەمەندەفەر بە دەوری هەولێردا جێگیر کراوە. سەبارەت بە سیمای شارەکەش، گوتی: "دەمانەوێت سیستەمی (دابەشدوو) نەمێنێت و خانووەکانی هەر گەڕەکێک خاوەن یەک ستایل و رەنگی هاوئاهەنگ بن."

لەبارەی رووبەری سەوزایی، ئاشکرای کرد کە پارکێکی نوێ دیزاین کراوە کە رووبەرەکەی سێ هێندەی پارکی سامی عەبدولرەحمانە، لەگەڵ پڕۆژەی "پشتێنەی سەوز" کە پانییەکەی دوو کیلۆمەترە و بە دەوری شاردا دەسووڕێتەوە.

لە کۆتاییدا، شوکریە عەباس جەختی کردەوە کە گەشەی نیشتەجێبوون زیاتر بەرەو ئاراستەی دهۆک و پیرمام دەبێت و بەگوێرەی بڕیاری حکوومەت، چیدیکە رێگە بە دروستکردنی خانوو لەسەر رووبەری کەمتر لە 200 مەتر نادرێت و کێشەی پارکینگیش لە دیزاینە نوێیەکاندا چارەسەر کراوە.