پزیشکیان: نابێت بەڕێوەبردنی وڵات و بڕیارەکان تەنها لە دەستی چەند بەرپرسێکدا بێت

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، نابێت بەڕێوەبردنی وڵات تەنیا لە دەستی بازنەیەکی تەسک لە بەرپرسان و بڕیاردەراندا بێت، بەڵکو پێویستە نوخبە و ئەکادیمییەکان بەشداری بکەن لە چارەسەرکردنی ئەو ئاڵەنگارییەکان کە رووبەڕووی ئێران دەبنەوە.

شەممە 31ـی ئایاری 2026، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی زانست رایگەیاند، ئەو فشارە سیاسی و ئابوورییانەی وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت، پێویستییان بە چارەسەری داهێنەرانە و دیدگای جیاواز و پسپۆڕانە هەیە.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی ئێستا، پێویستی بە بەشداریپێکردنی هەموو وزە نیشتمانییەکان، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و کاری مەیدانی هەیە.

ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، لە ناوخۆی ئێراندا گفتوگۆیەکی بەردەوام هەیە لەسەر شێوازی بڕیاردان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا، هەندێک لە بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکان داوای پێدانی رۆڵی زیاتر بە حکوومەت و شارەزایان دەکەن لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکاندا، بەتایبەت لە کاتێکدا کە وڵات رووبەڕووی فشارە ئابووری و ناوچەییەکان دەبێتەوە و ئەمەش پێویستی بە فراوانکردنی بنکەی بەشداری لە بڕیاردان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە ئەکادیمییەکان هەیە.